ژیان نامە
ڕزگار مەلامەحموودی، ٢١ی مارسی ١٩٨٤ لە شاری «بۆکان»ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. هەر لە منداڵییەوە دەنگی دایکی و ڕێنوێنییەکانی، شوێنیان لەسەر داناوە و گیرۆدەی مووسیقایان کردووە.
لە دوازدە ساڵییەوە، تامەزرۆیانە گوێی لە دەنگی گۆرانیبێژە لێهاتووەکانی کورد و فارس ڕاگرتووە و بەرەبەرە لەگەڵ مەقامە کوردی و فارسییەکاندا بۆتە ناسیاو.
لە تەمەنی پازدە ساڵیدا لە بۆکان چووەتە کلاسی ئاواز و دەستی کردووە بە فێربوونی دەسگاکانی مووسیقای ئێرانی – فارسی. ساڵێک دوای ئەوە، بە یارمەتیی دایکی تارێکی کڕیوە و چووەتە کلاس.
لە تەمەنی بیستوچوار ساڵیدا لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی زانستگای «گیلان» وەردەگیرێ و وەرزێکی نوێ لە ژیانی هونەریی دەست پێدەکا.
لەو ساڵانەی قوتابیی زانکۆیە، شەیدای دەنگ و هونەری گەورەدەنگبێژی کوردستان «تاهیر تۆفیق» دەبێ و لەگەڵ فێربوونی چاکتری دەسگا فارسییەکان و تیۆریی مووسیقا، حەول دەدا مەقامە کوردییەکانیش بناسێ و لە ئەزموونی چەند کەسی شارەزا و پسپۆڕ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەلک وەردەگرێ، هەروەها لەگەڵ گرووپی مووسیقای جۆراوجۆر چەند کۆنسێرت بە ڕێوە دەبا.
ساڵی دووهەمی زانکۆ لەگەڵ مووسیقای کوردیی زازاکی دەبێتە ناسیاو و ئەوەش ژیانی هونەریی تووشی ئاڵوگۆڕ دەکا.
لە ساڵی ٢٠٠٩وە سەرقاڵی فێربوونی مووسیقای کوردی و تەمیرەی «کرماشان» و ناسینی فەرهەنگی ئێزدی و عەلەوی و یارسان دەبێ.
ساڵی ٢٠١١ بڕوانامەی «کارناسی ژەنیاریی ئامێری ئێرانی» وەردەگرێ.
ساڵی ٢٠١٤ لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی زانستگای «تاران» لە لقی ئێتنۆمووزیکۆلۆژیدا درێژە بە خوێندن دەدا.
ڕزگار مەلامەحموودی وەک ژەنیار و دەنگبێژ بە هاوکاریی «کاوە مەحموودیان» لە ساڵی ٢٠١٥دا چەند کۆنسێرت لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی بە ڕێوە دەبا. ئەو کۆنسێرتانە لە ئورووپا و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ڕێوە دەچن.
لە ساڵی ٢٠١٠وە تار و سێتار دەڵێتەوە و ماوەیەکیشە دەستی بە کوتنەوەی تەمیرەش کردووە.
ساڵی ٢٠٢٢ یەکەم ئاڵبۆمی ڕزگار مەلامەحموودی بە نێوی تەمۆک بڵاو بۆوە.








